به‌ده‌ستێك جگه‌ره‌ ده‌کێشێ و به‌ده‌ستێك که‌باب داده‌نێ/وه‌ستایه‌کی سلێمانی

ناکرێت ڕه‌قابه‌ یه‌ك به‌ یه‌کی چێشتخانه‌کان ئاگادار بکات

زۆر جار هه‌ندێك بڕیار له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا ده‌درێت دڵمان خۆش ده‌که‌ن و وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی ئیجابی بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌ڕوانین، بۆ نمونه‌ کاتێك بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی جگه‌ر کێشان درا له‌ شوێنه‌ گشتیه‌کاندا، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ده‌رگای په‌رله‌مان نه‌ڕۆشته‌ ده‌ره‌وه‌، بینیمان و ده‌یبینین به‌رده‌وام که‌ هاوڵاتیان و وه‌ هه‌تا کارمه‌ندانیش له‌ دائیره‌کاندا جگه‌ره‌ ده‌کێشن زۆر به‌ ئاسایی و وه‌ك وا بێت باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌ هه‌ر نه‌کرابێت، وه‌ پێشتر ئاماژه‌مان کرد به‌ جگه‌ره‌ کێشان له‌لایه‌ن کارمه‌ندانی مروری سلێمانیه‌وه‌ له‌ناو بینایی مروردا، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ زۆر جێگه‌ی تردا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ جێگه‌یه‌کی زۆر حه‌ساس که‌ ئه‌ویش جێگه‌ی خواردنی گشتی یه‌و هاوڵاتیان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕووی تێده‌که‌ن بۆ خواردن له‌ یه‌کێك له‌ که‌باب فرۆشه‌کانی سلێمانی کابرایه‌کمان بینی به‌ده‌ستێکی جگه‌ره‌ ده‌کێشێ و به‌ده‌ستێکی تر که‌باب داده‌نێ و خواردن ڕێك ده‌خات وه‌ هه‌ر هه‌مان ده‌ست که‌ جگه‌ره‌که‌شی پێ ده‌کێشێ به‌بێ ده‌ستکێش و وه‌ هه‌ر به‌ته‌واو بوونی جگه‌ره‌که‌ ده‌ستی ده‌خاته‌ ناو قیمه‌ی ته‌ڕه‌وه‌و که‌باب لێ ده‌دات به‌و شێوه‌یه‌ که‌ خوا ده‌زانێ چه‌ند که‌سی توشی نه‌خۆشی کردبێت ئه‌گه‌ر نه‌شی کوشتبێت، ئێمه‌ش زۆرمان به‌لاوه‌ سه‌یر بوو که‌ له‌ ناوجه‌رگه‌ی سلێمانیدا ئه‌و کابرا ئه‌مه‌ کارێتی نه‌مان توانی بێده‌نگ بین و ڕۆشتینه‌ لایه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی بێده‌نگ ووتمان برا گیان هه‌ر بۆ خۆشت باشه‌ له‌ کاتی کارکردندا جگه‌ره‌ نه‌کێشێ، وه‌یان ده‌کرێت کاتی جگه‌ره‌ کێشان له‌و جێگه‌ی که‌ هه‌موو چوارده‌ورت خواردنه‌ بڕۆیته‌ ده‌ره‌وه‌ جگه‌ره‌که‌ت بکێشی و دواتر که‌ گه‌ڕایته‌وه‌ ده‌ستت بشۆی پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستت له‌ خواردنه‌کان بده‌یت، وه‌ پێم ووت نه‌وه‌ك ڕه‌قابه‌ هه‌بێت، زۆر به‌ مۆنیه‌وه‌ تێی ڕوانین و به‌ شێوه‌یه‌کی نا ئاسایی ووتی ڕه‌قابه‌ به‌ ئێمه‌ی نه‌وتووه‌ له‌کاتی کارکردندا جگه‌ره‌ مه‌کێشن! به‌ڵام دیار بوو کابرا زۆر بێ ئاگایه‌ ئه‌گینا خۆ ناکرێت ڕه‌قابه‌ یه‌ك به‌ یه‌کی چێشتخانه‌کان ئاگادار بکات، ئه‌و مه‌سه‌له‌ له‌ په‌رله‌ماندا باس کراوه‌ ئایا په‌رله‌مان گه‌وره‌یه‌ یان ڕه‌قابه‌؟.

به‌ڵام دوای مانه‌وه‌مان بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ کوردستاندا ئه‌وه‌نده‌ له‌و جۆره‌ کارانه‌مان بینی ئیتر له‌ به‌رچاومان جۆره‌ ئاساییه‌کی وه‌رگرت.

وه‌ لێره‌دا پێویسته‌ بڵێین جگه‌ره‌ کێشان و زیانه‌کانی به‌ خودی ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ده‌یکێشێ و وه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری شتێك نی یه‌ پێویستی به‌ مشتومڕ هه‌بێت، هه‌موو که‌س بڕوای به‌ زیانه‌کانی هه‌یه‌، وه‌ هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و بڕوایه‌مان هه‌یه‌ ده‌بوایه‌ ڕه‌چاوی ده‌وربه‌رمان بکردایه‌ وه‌گه‌ر گوێشمان بۆ خۆمان نه‌دایه‌، جا ئه‌و کاته‌ نه‌ پێویستمان به‌ په‌رله‌مان وه‌ نه‌ به‌ڕه‌قابه‌ش ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌روا به‌ساده‌ی و ئاسانی و پشتگوێ خستن بڕوانینه‌ کاره‌کانمان چاره‌نووسمان چۆن ده‌بێت ئه‌وه‌ پرسیارێکه‌و وه‌ڵامه‌که‌ی لێ ده‌گه‌ڕێم بۆ به‌ڕێزتان...

تێبینی: ئه‌و وێنه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دایه‌ هه‌مان که‌سه‌ که‌ جگه‌ره‌که‌ی ده‌کێشا، وه‌ له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی و وه‌ دووری نه‌توانرا له‌و کاته‌دا وێنه‌که‌ی بگیرێ که‌ جگه‌ره‌که‌ ده‌بات بۆ ده‌می.